له‌ ماوه‌ی ڕابردوو گووگڵ ڕێکه‌وتنێکی نوێی له‌گه‌ڵ به‌شی مۆبایلی کۆمپانیای (ئێچ تی سی) تایوانی ڕاگه‌یاند که‌ به‌ بڕی 1.1 ملیار دۆلار واژۆ کراوه‌.

لێره‌دا پرسیارێك دروست ده‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ گووگڵ بۆچی  ‌ئێچ تی سی هه‌ڵبژارد تاکوو کاری بۆ بکات؟ له‌کاتێکدا کۆمپانیای گه‌وره‌تر و سه‌رکه‌وتووتر هه‌ن له‌ بواری مۆبایلی هۆشمه‌نددا کار ده‌که‌ن (نموونه‌: سامسۆنگ) که‌ بووبوونه‌ بژارده‌ی دیکه‌ بۆ گووگڵ.

له‌ پشت واژۆ کردنی ڕێکه‌وتنی گووگڵ له‌گه‌ڵ ئێچ تی سی کۆمه‌ڵێك هۆکار هه‌ن:

یه‌که‌میان بریتیه‌ له‌ که‌مبوونه‌وه‌ی پشکی ئێچ تی سی له‌ بازاڕه‌کاندا به‌جۆرێك پشکی کۆمپانیاکه‌ له‌ ئێستادا %0.9 تێپه‌ڕناکات، بۆیه‌ پێویسته‌ کۆمپانیاکه‌ خۆی له‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ ڕزگار بکات، بۆ ئه‌مه‌ش ئێچ تی سی ڕێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ گووگڵ واژۆ کرد تاکو ژیرانه‌ ڕه‌فتار بکات له‌گه‌ڵ باودۆخه‌که‌، هانده‌ری ئه‌م کاره‌ش ئه‌وه‌ بوو که‌ بۆ مۆتۆرۆللا ڕوویدا له‌ ساڵی 2011 (کۆمپانیاکه‌ ڕێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ گووگڵ واژۆ کرد و به‌و هۆیه‌وه‌ 12.5 ملیار دۆلار قازانجی کرد).

گووگڵ 1.1 ملیارد دۆلاری داوه‌ تا دووباره‌ سوود له‌ ئه‌زموونی نزیکه‌ی 2000 ئه‌ندازیاری کۆمپانیاکه‌ وه‌ربگرێت بۆ په‌ره‌پێدانی دوو نه‌وه‌ی داهاتووی مۆبایله‌که‌ی (پێکسڵ)، که‌ ساڵی ڕابردوو له‌ دروستکردنی دوو نه‌وه‌ی ڕابردووی پێکسڵدا به‌ژداریان کرد، مۆبایله‌که‌ش سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا و یه‌کێك بوو له‌و مۆبایلانه‌ی که‌ باشترین ئه‌دای کارکردنی هه‌یه‌ به‌ سیسته‌می ئه‌ندرۆید.

گووگڵ بۆچی له‌گه‌ڵ سامسۆنگ ڕێك نه‌که‌وت؟

لێره‌دا کۆمه‌ڵێك هۆکار هه‌ن که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ بارودۆخی گووگڵه‌وه‌ هه‌یه‌، ڕێگری ده‌که‌ن له‌ ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ سامسۆنگ سه‌ره‌ڕای سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی کۆمپانیاکه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا.

یه‌که‌م، سامسۆنگ و گووگڵ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌هێزیان نیه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیسته‌می ئه‌ندرۆید و کۆنترۆڵ کردنی سیته‌مه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ نه‌رمه‌کاڵاکانی گووگڵ بوونه‌ته‌ به‌شێکی گرنگ له‌ سیسته‌مه‌که‌ و ده‌بێت به‌ بنچینه‌یی له‌و مۆبایلانه‌دا هه‌بن که‌ به‌ سیسته‌می ناوبراو کار ده‌که‌ن، سامسۆنگ ئه‌مه‌ به‌ قۆرغکاری ده‌زانێت و هه‌وڵی خۆ ڕزگارکردنی لێی داوه‌ به‌ په‌ره‌دان به‌ سیسته‌مێکی وه‌گه‌ڕخه‌ری دروستکراوی خۆی که‌ به‌ (تایزن) ناو ده‌برێت و له‌ئێستادا کۆمپانیاکه‌ له‌ کاتژمێره‌ زیره‌که‌کانیدا به‌کاری ده‌هێنێت، سیسته‌مه‌که‌ جیاوازه‌ له‌ ئه‌ندرۆید و له‌گه‌ڵ ئه‌ندرۆیددا به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێت یه‌ك ناگرنه‌وه‌.

با ته‌ماشای بارودۆخی کۆمپانیاکه‌ له‌ بازاڕه‌کاندا بکه‌ین له‌ کۆتایی 2016 وه‌ تاکو ئێستا، که‌ ڕووبه‌ڕووی گرفتی نۆت 7 بوونه‌وه‌ و ناچاربوون مۆبایله‌که‌ به‌ته‌واوی له‌ بازاڕه‌کاندا بکێشنه‌وه‌ بۆیه‌ قازانجی کۆمپانیاکه‌ ڕووی له‌ که‌می کرد، هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوو جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کۆمپانیاکه‌ (لی جای یۆنگ) که‌ ته‌واوی کاروباره‌کانی کۆمپانیاکه‌ی له‌ژێرده‌ستدا بوو توشی کێشه‌ هات، ده‌ستگیرکراو دوای چه‌ند دانیشتنێکی دادگایی کردن سزای 5 ساڵ زیندانی کردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌یانتوانی قازانجه‌کانی کۆمپانیاکه‌ ڕابگرن، له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندن و بڵاو کردنه‌وه‌ی گاله‌کسی س8 و س8 پڵه‌س کۆمپانیاکه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ڕێچکه‌ی قازانجه‌کانی و وه‌کو گه‌وره‌ترین و پڕداهاتترین کۆمپانیای بازرگانی مایه‌وه‌ له‌ جیهاندا.

سامسۆنگ به‌رهه‌مهێنه‌ری پارچه‌ جیاوازه‌کانی ڕه‌قه‌کاڵای مۆبایله‌ بۆ خۆی و چه‌ندین کۆمپانیای به‌رهه‌مهێنه‌ری دیکه‌ش، (چیپ)ی تایبه‌ت به‌خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌شێوه‌یه‌کی زۆر باش په‌ره‌ی به‌ چیپه‌کانی داوه‌، هه‌روه‌ها بیرگه‌ی ناوه‌کی مۆبایل، ئه‌مه‌ش وای کرد سامسۆنگ پێش کۆمپانیای (ئینتێڵ) بکه‌وێت وه‌کو گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ری چیپ له‌ جیهاندا.

بارودۆخه‌که‌ له‌ بازاڕی ڕوونماکانیشدا هه‌مان شته‌، سامسۆنگ پشکی %90 ی به‌رده‌که‌وێت به‌ فرۆشتنی ڕوونمای جۆری OLED به‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی دیکه‌.

ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێك خاڵی به‌هێزی سامسۆنگن که‌ ئه‌نجامدانی ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیارانی کۆمپانیاکه‌ بۆ گووگڵ ده‌یان جار سه‌ختتر ده‌که‌ن، به‌ تایبه‌تی له‌م کاته‌دا که‌ گووگڵ به‌ جددی کار ده‌کات بۆ به‌رهه‌مهێنانی مۆبایلی هۆشمه‌ند و هاتنه‌ ناو ڕکابه‌ریه‌کانی دونیای مۆبایله‌ هۆشمه‌نده‌کان.

ئەمەش بخوێنەوە

هواوی P20 و P20 Pro ی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ بەرواری بەستنی کۆنگرەی تایبەتی هواوی بوو لە شاری پاریس، زنجیرەی P20 ی تێدا ئاشکرا کر…