بەیانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی کۆنگرەی MWC 2018 دا لە شاری بارسێلۆنا، کۆمپانیای سۆنی کۆنگرەی خۆی بەست و تیایدا دوو بەرهەمی تایبەتمەندی بەرزی بە ناوەکانی (XZ2) و (XZ2 Compact) ئاشکراکرد.

پاش گۆڕانی سورکۆک کۆمپانیاکە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئێستا سیاسەتی کۆمپانیاکە بەتەواوی گۆڕانی پێوە دیارە، چونکە لە کۆتاییدا سۆنی بڕیاریدا دەستبەرداری دیزاینە کلاسیکیەکەی بێت، کە هەتا ئێستا پێی دەناسرایەوە و، دیزاینی ئەم دوو بەرهەمەی بەتەواوی نوێ کردۆتەوە، ئەمەش دەکرێت گەورەترین و دیارترین جیاوازی ئەم دوو بەرهەمە بێت لەگەڵ بەرهەمەکانی چەند ساڵی ڕابردووی کۆمپانیاکە.

دیزانی ئەمجارە سەردەمیانەتر دەردەکەوێت چونکە ڕوونمای دووری ١٨:٩ ی لەسەر بنیاد نراوە.

هەرچی تایبەتمەندیەکانی ڕەقەکاڵای مۆبایلەکانە بەرز و بەهێزن.

قەبارەی ڕوونمای (XZ2) ٥.٧ ئینجە لە جۆری IPS LCD، بە ڕوونی +FHD لەپاڵ تەکنەلۆژیای HDR دا، هەروەها بە شووشەی گۆرێللا گلاس ٥ ڕووپۆش کراوە.

قەبارەی ڕوونمای (XZ2 Compact) ٥ ئینجە بە هەمان تایبەتمەندیەوە، ئەمە تاکە جیاوازی نێوان مۆبایلەکانە بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، کاتێک تایبەتمەندیەکانی جۆری کەمپاکت هەمیشە زۆر لە جۆرە ئاساییەکەی نزمتر دەبوو.

پڕۆسێسەری مۆبایلەکان سناپدراگۆن ٨٤٥ ی نوێیە کە ئەم دووانە دووەم مۆبایلن بەو پڕۆسێسەرەوە دەربکەون لەدوای گالەکسی ئێس ٩ و برا گەورەکەی.

جۆری پڕۆسێسەری گرافیكەکەیان ئەدرێنۆ ٦٣٠ یە.

قەبارەی ڕامەکەیان ٤ گێگابایتە لەگەڵ بیرگەیەکی ناوەکی بە قەبارەی ٦٤ گێگابایت، کە توانای زیادکردنی هەیە لە ڕێگەی بیرگەی دەرەکیەوە هەتا ٢٥٦ گێگابایت.

 

کامێرا هەمیشە بەهێزترین خاڵی بەرهەمەکانی کۆمپانیای سۆنی بووە، بۆیە وەکو هەمیشە گرنگیەکی زۆری پێ دراوە. کامێرای پشتەوە ١٩ مێگاپێکسڵە و تایبەتمەندی Exmor RS f 2.0 پاڵپشتی دەکات، هەروەها تایبەتمەندی خاو کردنەوەی ڤیدیۆ (Slow motion)ی نایاب باشتر کراوە، ئەمجارە دەتواندرێت ڤیدیۆی خاو کراوە بە چرکاندنی ٩٦٠ وێنە لە چرکەیەکدا بە کوالێتی ١٠٨٠ پێکسڵ تۆمار بکرێت، لە کاتێکدا لە دوو بەرهەمی پێشوو کە ئەم تایبەتمەندیە بەو بەهێزیەوە بەردەست کرا، لە کوالێتی ٧٢٠ پێکسڵدا دەتوانرا تۆمار بکرێت.

لە پێشەوەش کامێرایەکی ٥ مێگاپێکسڵی هەیە کە فراوانی دەرچەکەی f/2.2 ـە.

توانستو باتری (XZ2) ٣١٨٠ ملی ئەمپێرە و، (XZX Compact) ٢٨٧٠ ملی ئەمپێرە.

مۆبایلەکان پشتگیری بارگاوی کردنەوەی بێتەل دەکەن، هەروەها تایبەتمەندی نەوەی سێیەمی خێرا بارگاوی کەرەوەی کواڵکۆمیان تێدا بەردەستە.

خاوەنی بڕوانامەی IP68 ی دژە ئاو و تۆزن.

سیستەمی وەگەڕخەری مۆبایلەکان ئەندرۆید ٨.٠.٠ (ئۆریۆ) یە.

ڕەنگەکانی (XZ2) بریتین لە: زیوی شل، ڕەشی شل، سەوزی تێر و پەمەیی سووتاو.

هەروەها (XZ2 Compact): زیوی سپی، ڕەش، سەوزی قەوزەیی، پەمەیی یاقووتی.

چەند وێنەیەک:

هەستەوەری پەنجەمۆر گوازراوەتەوە بۆ بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە، لە کاتێکدا لە نەوەکانی پێشوودا لە لاتەنیشتی مۆبایلەکەدا بوو لەسەر دوگمەی هەڵکردنی مۆبایلەکە.تایبەتمەندی 3D imaging دیسان پەڕەی پێدراوە، ئەمجارە بە سووڕاندنەوەی کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکە دەتوانی وێنەی سێ دووری جەستەیی خۆت بنەخشێنیت.

هەروەها لە ڕووی پێشەوەی مۆبایلەکە دوو بڵندگۆ هەن کە دەنگێکی کوالێتی بەرز بەرهەم دێنن.

بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیە، لابردنی جێگای بیستۆکە (Headphone jack) ، لەم دواییانەدا چەند کۆمپانیایەک هەمان کاریان کردووە و ناڕەزایی کڕیارانی لێ کەوتۆتەوە.

ئەمەش بخوێنەوە

هواوی P20 و P20 Pro ی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ بەرواری بەستنی کۆنگرەی تایبەتی هواوی بوو لە شاری پاریس، زنجیرەی P20 ی تێدا ئاشکرا کر…